|
گومانی 2
ئافره‌ت لای ئێوه
ده‌فرۆشرێت و ده‌كڕدرێت به‌ناوی ماره‌ییه‌وه
زۆر له ناحه‌زانی
ئیسلام و به‌رنامه‌ی خوا كاتێك تیره ژه‌هراوێكانی خۆیان ئه‌هاوێژن له موسڵمانان
زۆر جار ڕاسته‌وخۆ كاره‌كه ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و له‌ڕێی
ڕواندنی چه‌نده‌ها گومانی ژه‌هراییه‌وه له‌ناو گیانی موسڵمانان به‌مه‌به‌ستی
لاوازكردنی باوه‌ڕه‌كه‌یان و دروستكردنی بیروبۆچونێكی تر له‌مێشك و هۆشیان جیا له
بیروڕای ئیسلام، بۆیه به‌گومانێكی ژه‌هراوییه‌وه پێمان ده‌ڵێن:
ئێوه‌ی موسڵمان
به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئافره‌ت ده‌كه‌ن وه‌كو كاڵایه‌ك
بفرۆشرێت و بكڕدرێت، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه پیاوه‌كه له به‌ڵگه‌نامه‌ی
هاوسه‌رێتیدا (عقد الزواج) ماره‌یی ده‌دات به ئافره‌ته‌كه (یان كه‌سوكاری) وه‌كو
وابێت ئافره‌ته‌كه‌ی كڕیبێت به‌م بڕه پاره‌یه..!
له
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م گومانه‌ش گومانی هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ت له‌شێوه‌ی
كاڵایه‌ك له‌كاتی پێدانی ماره‌یی بۆی ده‌ڵێین:
1- ماره‌یی
بێگومان نرخێكه خراوه‌ته سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی هاوسه‌رێتی، مانای ئه‌م نرخه‌ش
ڕاستێتی و ڕاستگۆیه‌تی‌یه له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه به‌دروستبوونی په‌یوه‌ندی
له‌گه‌ڵ ئافره‌ته‌كه،
ئه‌م نرخه‌ش ڕه‌مزی و مه‌عنه‌وی‌یه زیاتر وه‌ك له نرخێكی ماددی بێت.
2- بێگومان ئیسلام
به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕازی نیه مرۆڤ بفرۆشرێت و بكڕدرێت، به‌ڵكو مرۆڤ كه‌رامه‌ت و ڕێزی
به‌رزی هه‌یه و ڕێز و فه‌زڵی مرۆڤیش به ته‌قوا و له‌خواترسانه، وه پاره‌و پول و
سامان هیچ ڕۆڵێكی نیه له نرخاندنی مرۆڤ و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی، ئه‌مه یاسای
سه‌ره‌كییه له ئیسلامدا، هه‌ر بۆیه مه‌به‌ست له ماره‌یی كڕینی گه‌ردنی
ئافره‌ته‌كه نیه به‌ڵكو وك‌و دیارییه‌كه ده‌درێت به ئافره‌ته‌كه تاكو كاروبار و
پێداویستی خۆی دابین بكات.
3- زۆربه‌ی ده‌قه
شه‌رعیه‌كان هانی پیاوان ده‌دات كه ماره‌یی گرانبا نه‌گرن و زیاترین ئافره‌ت به
به‌ره‌كه‌ت و خێر بێت ئه‌و ئافره‌ته‌یه كه ماره‌ییه‌كه‌ی كه‌متره هه‌روه‌كو
پێغه‌مبه‌ری ئازیزمان (صلى الله علیه وسلم) باسی كردووه، كه‌واته مه‌سه‌له‌ی
ماره‌یی په‌یوه‌ندی نیه به كڕین و فرۆشتنه‌وه، به‌ڵكو ئیسلام هه‌ر به‌و شێوه‌یه
مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ماره‌یی ده‌كات هه‌روه‌كو چۆن یاساكان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ
پێناسه‌ی دابینكردن (تأمین) له عه‌قدا تاكو عه‌قده‌كه زیاتر ڕاستگۆیی تر بێت و
به‌رده‌وامێتی پێ ببه‌خشێت.
4- زۆر هه‌ڵه‌یه
وا بیر بكه‌ینه‌وه كه ئه‌و ماره‌ییه یان دیاری و زێڕه‌ی پیاوه‌كه ده‌یدات به
ئافره‌ته‌كه له‌ڕۆژی ماره‌بڕین یان گواستنه‌وه‌ی وا سه‌یری بكه‌ین كه ئه‌مه
(كڕینی ئافره‌ته‌كه‌یه)، به‌ڕاستی ئه‌مه تێڕوانینێكی كورت و نابه‌جێیه، چونكه
جیاوازییه‌كی زۆر فراوان هه‌یه له‌نێوان یه‌كێك (په‌یوه‌ندی) بكڕێت وه یه‌كێك
(كه‌سێك) بكڕێت، بۆ نمونه خوێندكار كاتێك پاره‌یه‌ك (بۆ نمونه هه‌زار دۆلار)
ده‌داته زانكۆیه‌ك تاكو ئه‌و ساڵه بخوێنێت ئایه هه‌موو خوێندنگاكه ده‌بێته
موڵكی خوێندكاره‌كه؟ یان ته‌نها ئه‌و خزمه‌تگوزاری و زانسته ده‌كڕێت؟ وه هیچ
ڕۆژێك نه‌مان بیستووه ئه‌مه له نرخی زانست و خوێندنگاكه كه‌م بكاته‌وه،
كه‌واته پیاویش لێره‌دا به‌و ماره‌ییه خۆشه‌ویستی ئافره‌ته‌كه‌ی دابین كردووه
نه‌ك خودی ئافره‌ته‌كه‌ی كڕیبێت.
5- بێگومان
شه‌ریعه‌تی ئیسلامی شێوازی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ر ڕه‌گه‌زێكی ڕه‌چاو كردووه، بۆ
نمونه پیاو گرنگی ده‌دات به پاره‌و سامان، وه هه‌وڵ و كۆشش ده‌كات بۆ
په‌یداكردنی پاره و هه‌ر بڕیارێك په‌یوه‌ندی هه‌بێت به پاره‌و سامانه‌وه پێش
وه‌خت زۆر به‌باشی بیری لێ ده‌كاته‌وه، بۆیه كاتێك شه‌ریعه‌تی ئیسلامی پیاوه‌كه
پابه‌ند ده‌كات به پێدانی ماره‌یی و دابینكردنی خان‌و (شوێنی نیشته‌جێ) و
كه‌لوپه‌لی ناوماڵ و هه‌روه‌ها بژێوی مانگانه (نفقة) ئه‌م شتانه هه‌موو ئامرازێكن
بۆ درێژه‌پێدانی ته‌مه‌نی ژیانی هاوسه‌رێتی، بێگومان پیاویش زۆر باش بیر
ده‌كاته‌وه له‌و زه‌ره‌ر و زیانه‌ی لێی ده‌كه‌وێته‌وه گه‌ر به‌ڕاستگۆیی نه‌چێته
پێشه‌وه بۆ خواستنی ئافره‌ته‌كه‌و ته‌ڵاقی لێ بكه‌وێته‌وه به‌تایبه‌ت مه‌سره‌فی
ژنهێنان و ماره‌یی.
6- ماره‌یی وا
ده‌كات له پیاوه‌كه كه به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و باشتر بیر بكاته‌وه پێش
وه‌رگرتنی بڕیاری ته‌ڵاق گه‌ر كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ڕووی دا له‌نێوان ژن و مێرده‌كه،
چونكه خۆ ده‌بێت بۆ جارێكی تر ژن بهێنێت و له‌و كاته‌شدا ده‌بێت جارێكی تر
ماره‌ییه‌كی تازه بدات و هه‌موو مه‌سره‌فی زه‌واجی دووهه‌می، ئه‌مه‌ش پاڵ ده‌نێت
به پیاوه‌كه‌وه كه له‌سه‌رخۆ بێت و په‌له نه‌كات له بڕیاری ته‌ڵاق و به‌خۆیدا
بچێته‌وه‌و هه‌وڵ بدات هه‌رچی ناكۆكی له‌گه‌ڵ خێزانی‌دا هه‌بێت چاكی بكاته‌وه‌و
كێشه‌كان نه‌هێڵێت تاكو ئامانجی به‌رزی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بپێكێت ئه‌ویش جێگیربوون
و ئاسووده‌یی ماڵ و خێزانه به ئه‌ندامه‌كانیه‌وه.
7- له‌هه‌ندێ
ووڵاتان و مه‌زهه‌بی تر هه‌یه وه‌كو ئه‌مریكا، ده‌بێت ئافره‌ته‌كه ماره‌یی بدات
به پیاوه‌كه! ده‌ی ده‌بێت ئێمه‌ش بڵێین لێره‌دا پیاوه‌كه بووه‌ته كاڵایه‌ك
ده‌فرۆشرێت و ده‌كڕدرێت؟!
8- گرنگه ئه‌وه‌ش
ده‌بێت بزانین كه ماره‌یی په‌یوه‌ندی ته‌نها به خودی ئافره‌ته‌كه‌وه هه‌یه،
بۆیه ئافره‌ته‌كه بۆی هه‌یه بڕیار بدات كه ماره‌ییه‌كه‌ی بڕێك پاره بێت یان
شتێكی تر بێت وه‌كو زێڕ یان كه‌لوپه‌لی ناوماڵ، وه بۆی هه‌یه بڕیار بدات له‌سه‌ر
چه‌ندێتی ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌پێی تێڕوانینی بۆ جێگیربوون و سه‌قامگیری ژیانی ژن
ومێردایه‌تی داهاتووی، لێره‌شدا مارییه‌كه‌ی وه‌كو پاڵپشتێكه. خۆ گه‌ر ماره‌یی ماف
و په‌یوه‌ندی هه‌بووایه به باوكی كچه‌كه‌وه ئه‌وا ده‌مانووت باوكه‌كه كچه‌كه‌ی
داوه‌ته شوو به‌رامبه‌ر به بڕێك له پاره، به‌ڵام ماره‌یی مافی به كچه‌كه‌وه
هه‌یه و هه‌ر بۆ كچه‌كه‌شه، ئایه ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه كه كچه‌كه خۆی
فرۆشتووه؟
9- بێگومان
بیرۆكه‌ی ماره‌یی له‌سه‌ر ئه‌وه دامه‌زراوه كه شتێكی جوان و به‌سوود پێشی
پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ بخرێت، ئه‌مه‌ش خووی هه‌موو كارێكی گه‌وره‌و پیرۆزه، هه‌روه‌كو
چۆن هه‌ندێ شت وه‌كو ترشی و خواردنی سوك پێش خواردنی سه‌ره‌كی ده‌خرێت، یان پێش
جووت بوون هه‌ندێ كاری تر پێش ده‌خرێت، هه‌روه‌ها داخوازی پێش ژن هێنان، به‌ڕاستی
ئه‌م شێوازه به‌رز و به‌نرخه‌یه مرۆڤ جیا ده‌كاته‌وه له ئاژه‌ڵ.
19- خوای گه‌وره
ده‌فه‌رموێت: (وَآتُواْ النَّسَاء صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً فَإِن طِبْنَ لَكُمْ عَن
شَيْءٍ مِّنْهُ نَفْسًا فَكُلُوهُ هَنِيئًا مَّرِيئًا) (سورة النساء: 4). به‌پێی
ئه‌م ئایه‌ته‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه (ماره‌یی) به‌خششێكه نه‌ك جۆرێكه له كرێ
یان كڕین.
11- گه‌ر ماره‌یی
بریتی بوایه له كرێیه‌ك ئافره‌ت و خۆشیه‌كانی پێ بكڕدرایه به‌درێژایی هه‌موو
ته‌مه‌ن، ئه‌وا هیچ كات پیاوه‌كه نه‌یده‌توانی نرخی ته‌واوه‌تی ئه‌و ڕێككه‌وتنه
(عقد زه‌واج)ه بدات چونكه نرخه‌كه‌ی ئێجگار زۆر ده‌بوو، چۆن نا له‌كاتێكدا
پێغه‌مبه‌ری نازدارمان (صلى الله علیه وسلم) هانی هه‌موو موسڵمانان ده‌دات كه
ماره‌یی گران نه‌كرێت، به‌ڵكو (فاتیمه)ی كچی دابه‌شوو به عه‌لی كوڕی ئه‌بی تاڵیب
(ڕه‌زای خوای له‌سه‌ر) به یه‌ك زریپۆش، له‌كاتێكدا فاتیمه كچی پێشه‌وای
مرۆڤایه‌تیه و گه‌وره‌ی ژنانی دونیا و به‌هه‌شته.
12- پێغه‌مبه‌ری
خوا (صلى الله علیه وسلم) چه‌نده‌ها سه‌حابه‌ی ماره بڕیوه له‌سه‌ر
ئه‌نگوستیله‌یه‌كی ئاسن، وه هه‌ندێك له سه‌حابه له‌سه‌ر چه‌ند ئایه‌تێكی سوره‌تی
(البقرة)، كه‌واته ده‌بێت بزانین مه‌رج نیه ماره‌یی هه‌ر پاره بێت، به‌ڵكو وه‌كو
پێشتر باس كرا بڕیاره‌كه له‌ده‌ستی ئافره‌ته‌كه‌یه و هه‌ر ئه‌و به حه‌ز و ویستی
خۆی بڕیار ده‌دات چ شتێك بێت ماره‌ییه‌كه‌ی.
ئاماده‌كردنی:
ماڵپه‌ڕی خوشكان
تێبینی:
له‌ئاماده‌كردنی بابه‌ته‌كه سوود له بابه‌تێكی
دكتۆر (جاسم المطوع) وه‌رگیراوه كه به عه‌ره‌بی بووه. |