بنیاتنانی سۆزداریی و ده‌روونی له‌ منداڵ دا

بنچینه‌ی یه‌كه‌م: ماچ كردن و سۆز و به‌زه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ منداڵ:

ماچ كردن ڕۆڵێكی كارای هه‌یه‌ له‌ جوڵاندنی هه‌ست و سۆزی منداڵدا, هه‌روه‌ها ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ دامركاندنه‌وه‌ی هه‌ڵچون و توڕه‌ییدا, سه‌ره‌ڕای هه‌ست كردن به‌ په‌یوه‌ندی پته‌و له‌ قایمكردنی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی نێوان گه‌وره‌ و بچوك, هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی به‌زه‌یی دڵ و ده‌روونه‌ به‌رامبه‌ر به‌و منداڵه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌ و له‌سه‌ر خۆبه‌كه‌م زانینی گه‌وره‌یه‌ به‌رامبه‌ر بچوك, پاشان هه‌ر ئه‌و ماچ كردنه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تا و كۆتاییه‌وه‌ له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) چه‌سپاوه‌ كه‌ منداڵانی ماچ كردوه‌.

(بخاري و مسلم) له‌ عائیشه‌وه‌ (خوا لێیان ڕازی بێت) هێناویانه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: (هه‌ندێ له‌ خه‌ڵكی ده‌شته‌كی هاتنه‌ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) و وتیان ئێوه‌ منداڵه‌كانتان ماچ ده‌كه‌ن؟

فه‌رمووی: به‌ڵێ.

ووتیان: وه‌ڵاهی ئێمه‌ ماچیان ناكه‌ین.

فه‌رمووی: (أوَ أملك لك: أن نزع الله الرحمة من قلبك) واته‌: ده‌سته‌ڵاتم چی یه‌ خوای گه‌وره‌ سۆز و به‌زه‌ی له‌ دڵتاندا هه‌ڵكێشاوه‌.

هه‌روه‌ها (بوخاری و موسلم) له‌ ئه‌بو هریره‌وه‌ (خوا لێیان ڕازی بێت) هێناویانه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێت: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) حسن و حوسینی ماچ كرد, (اقرع كوڕی حابس) ووتی: من ده‌ منداڵم هه‌یه‌ تا ئێستا هیچیانم ماچ نه‌كردوه‌, پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمووی: (مَنْ لا يَرْحَم، لا يُرْحَمْ) واته‌: ئه‌وه‌ی به‌ ڕه‌حم و به‌زه‌یي نه‌بێت, ڕه‌حم و به‌زه‌ییشی به‌رامبه‌ر پێ ناكرێت.

(بوخاری له‌ ئه‌نه‌سه‌وه‌ خوا لێیان ڕازی بێت) هێناویه‌تی كه‌ ووتوویه‌تی: ئافره‌تێك هاته‌ خزمه‌ت عائیشه‌ ئه‌ویش سێ ده‌نكه‌ خورمای پێ دا, ئافره‌ته‌كه‌ دوو منداڵی پێ بوو هه‌ریه‌كه‌ ده‌نكه‌ خورمایه‌كی پێ دان و ئه‌وی تریشی بۆ خۆی هه‌ڵگرت, دوو منداڵه‌كه‌ كه‌ خورماكه‌یان خوارد و سه‌یری دایكیان كرد, ئه‌ویش ده‌نكه‌ خورماكه‌ی خۆی بۆ كردن به‌ دووله‌ته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌تێكی دانێ, كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) هاته‌وه‌ عائیشه‌ ئه‌وه‌ی بۆ باس كرد, پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمووی: (وما يعجبك من ذلك, لقد رحمها الله برحمتها صبييها), واته‌: بۆچی سه‌رت له‌وه‌ سوڕ ده‌مێنێت ئه‌وه‌ به‌ هۆی به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ به‌ دوو منداڵه‌كه‌ی خوای گه‌وره‌ش ڕه‌حمی پێ كردوه‌.

هه‌ر له‌ نمونه‌یه‌كی به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) به‌ منداڵاندا وه‌ك ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ كه‌ (بوخاری و مسلم) خوا لێیان ڕازی بێت هێناویانه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (إني لأدخل الصلاة وأنا أريد أن أطيلها فأسمع بكاء الصبي فأتجاوز في صلاتي مما أعلم من شدة وَجْد أمه من بكائه) واته‌: كاتێك كه‌ ده‌چمه‌ نوێژه‌وه‌ ده‌مه‌وێت نوێژه‌كه‌ درێژ بكه‌مه‌وه‌, به‌ڵام كه‌ گوێبیستی گریانی منداڵێك ئه‌بم نوێژه‌كه‌م كورت ئه‌كه‌مه‌وه‌, چونكه‌ ده‌زانم به‌ گریانی منداڵه‌كه‌ دایكه‌كه‌ دڵی ئازار ده‌خوات.

به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ به‌ منداڵ و ماچ كردنیان سیفه‌تێكه‌ له‌ سیفه‌ته‌كته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) و ڕێگای چوونه‌ به‌هه‌شت و ڕه‌زامه‌ندی خوایه‌, بۆیه‌ پێویسته‌ دایكان و باوكان له‌یادی نه‌كه‌ن و گرنگی پێ بده‌ن.

 **********************

ماڵپه‌ڕی خوشكان

گه‌ڕانه‌وه‌