بنیاتنانی سۆزداریی و ده‌روونی له‌ منداڵ دا

بنچینه‌ی چواره‌م: ده‌ست هێنان به‌سه‌ری منداڵ دا:

پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) ده‌ستی به‌سه‌ر منداڵاندا هێناوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك پیشاندانی سۆز و به‌زه‌ی وابووه‌, وه‌ منداڵانیش به‌مه‌ هه‌ستیان به‌ چێژی به‌زه‌ی و سۆز و خۆشه‌ویستی و سۆزداری كردوه‌, كه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ منداڵ هه‌ست به‌ بوونی خۆی و خۆشه‌ویستی گه‌وره‌كان به‌رامبه‌ری و گرنگی پێدانیان ده‌كات.

له‌ (الزوائد)ی ابن حبان دا له‌ ئه‌نه‌سه‌وه‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌ (خوا لێیان ڕازی بێت) كه‌ ده‌ڵًێت: پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) سه‌ردانی ئه‌نساریه‌كانی ده‌كرد و سڵاوی له‌ منداڵه‌كانیان ده‌كرد و ده‌ستی به‌سه‌ریان دا ده‌هێنا, له‌ (مصعب ی كوڕی عبدالله)وه‌ ده‌گێڕدراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (عبدالله ی كوڕی ثعلبة) چوار ساڵ پێش كۆچ له‌دایك بوو, له‌ ساڵی ڕزگاركردنی مه‌ككه‌دا بردیانه‌ لای پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) ئه‌ویش ده‌ستی هێنا به‌ ڕوومه‌تیدا و داوای به‌ركه‌تی بۆ كرد.

پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) له‌گه‌ڵ ده‌ست هێنان به‌سه‌ری منداڵدا ده‌ستی هێناوه‌ به‌ ڕوومه‌تیشیان دا ئه‌مه‌ش له‌ زیاتر گرنگی و بایه‌خ پێدانه‌وه‌ بوو بۆ خۆشی خستنه‌ ناو دڵی منداڵه‌كه‌وه‌.

له‌م ڕووه‌وه‌ ئیمام مسلیم له‌ جابره‌ی كوڕی سمره‌وه‌ كه‌ له‌ منداڵانی هاوه‌ڵان بوو (خوا لێیان ڕازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه‌: ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) نوێژی نیوه‌ڕۆم ده‌كرد, پاش ئه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو خاو خێزانی, منیش له‌گه‌ڵی دا چوومه‌ ده‌رێ, منداڵان هاتن به‌ پیریه‌وه‌, پێغه‌مبه‌ریش (صلى الله علیه وسلم) یه‌ك یه‌ك ده‌ستی به‌ ڕوومه‌تیان دا ده‌هێنا, جابر ده‌ڵێت: به‌ڵام كه‌ ده‌ستی هێنا به‌ ڕوومه‌تمدا هه‌ستم كرد ده‌ستی سارد و بۆنخۆشه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌گبه‌ی گوڵاوفرۆش ده‌ریهێنابێت.

ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست هێنان به‌ ڕوومه‌تی منداڵدا ئه‌گه‌ر له‌ یه‌كێك زیاتر بوون, وه‌ دادپه‌روه‌ری له‌ هه‌ڵس و كه‌وت كردن له‌گه‌ڵ هه‌موویاندا, وه‌ جیاوازی نه‌كردن له‌ نێوانیان دا, ئه‌مه‌ش له‌ وردبینیه‌ هه‌ره‌ جوانه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌ (صلى الله علیه وسلم) له‌ هه‌ڵس و كه‌وت كردنی له‌گه‌ڵ منداڵاندا به‌ یه‌كسانی له‌ هه‌موو شتێكدا.

 **********************

ماڵپه‌ڕی خوشكان

گه‌ڕانه‌وه‌