خێزان له ژیانی منداڵدا وه‌كو خشته سه‌ره‌تاییه‌كانی خانوویه‌كن بۆی له
په‌روه‌رده‌كردنیدا و له چاودێڕی و كارتێكردن له‌سه‌ر هه‌موو ڕه‌فتاره‌كانی و
له‌هه‌موو چین و قۆناغه‌كانی ته‌مه‌نیدا، جگه له‌وه‌ش هه‌ر له‌ناو خێزاندا زۆر له
ڕه‌فتار و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن و ڕه‌وشتی به‌رز و به‌كارهێنانی ووشه و ڕسته‌ی
جوان و باش فێر ده‌بێت، بێگومان فێركردنی منداڵ له ساڵانی سێیه‌م و چواره‌می
ته‌مه‌نیدا ده‌ست پێ ده‌كات.
منداڵ له‌م ته‌مه‌نه‌دا ئاماده‌یه بۆ تێگه‌یشتنی هه‌ڵوێستی جیاواز و ئامۆژگاری
دایك و باوكی سه‌باره‌ت به ڕه‌فتاری ڕاست و دروست، لێره‌شدا جێی خۆیه‌تی ئاماژه
به خاڵێكی گرنگ بكه‌ین ئه‌ویش هاندان و ته‌شجیع كردنی منداڵه‌كه‌یه بۆ چاك كردنی
ڕه‌فتاره‌كانی و ئه‌بێت دایك و باوكیش له بنه‌ڕه‌تدا خۆیان پابه‌ندی ڕه‌فتاره
باشه‌كان بن له‌ناو قه‌واره‌ی خێزانیاندا، چونكه ئامۆژگاری كاریگه‌ری زیاتر ئه‌بێت
گه‌ر له كه‌سانێكه‌وه بێت كه خۆیان به كرده‌وه ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن و پابه‌ندی
ڕه‌وشته به‌رز و بنه‌ما مرۆڤایه‌تییه به‌رزه‌كانن.
دایك .. مامۆستای یه‌كه‌مه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دایك مامۆستای یه‌كه‌مه‌و په‌روه‌ردكاری نمونه‌ییه بۆ منداڵ بۆیه
پێویسته به‌رده‌وام ئاگای له منداڵه‌كه‌ی بێت و ڕێنومایی بكات هه‌ركات هه‌ڵه‌ی
كرد و ڕای بهێنێت له‌سه‌ر ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕاست و دروست تاكو منداڵه‌كه‌ش
بتوانێت پابه‌ندی ئه‌و ڕه‌فتارانه بێت بێ ئه‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌وی یان كه‌م ته‌رخه‌می
تیادا بكات، تێبینی ئه‌وه‌ش بكرێت ئه‌شێ فێركردن و ڕاهێنان له‌و خاڵه‌وه ده‌ست پێ
بكات كه منداڵه‌كه هه‌ڵه‌ی تیا ده‌كات و كاتێك ڕه‌فتارێكی نا هۆشیارانه ئه‌نجام
ده‌دات به‌هۆی نه‌زانین و ناشاره‌زایی خۆیه‌وه، هه‌ندێ جاری منداڵ له شێوه‌و
مانای ڕوخسار و ده‌موچاوی ئه‌وانی تر ناگات بۆ نمونه ئه‌بینێت دایكی ڕووی كز و
ماته‌و خه‌مبار و دڵته‌نگه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوای پاره‌و شیرینی لێ
ده‌كات یان یاری له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بۆیه لێره‌دا له‌سه‌ر دایك و باوكه بۆ
منداڵه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی ساكار و له‌توانای مێشكی منداڵه‌كه بۆی باس بكه‌ن
كه چۆن هه‌ست و شعوری كه‌سانی تر هه‌ر له شێوه‌ی ڕوخسار و ده‌موچاویان
بخوێنێته‌وه‌و له شێوه‌ی دانیشتن یان گفتوگۆ و جوڵه‌ی ده‌ستیان بزانێت و هه‌ست
بكات له چ هه‌ڵوێست و بارێكدان.
ڕوواندنی ڕه‌فتاری چاك له ناخی منداڵدا
منداڵ له ته‌مه‌نی خوارووی شه‌ش ساڵه‌وه ده‌توانێت وێنه‌ی خه‌ڵكی له بار و
حاڵه‌تی ده‌روونی جیا جیایان پێشان بده‌یت له شێوه‌ی وینه و ڕه‌سمدا وه‌ك
ده‌موچاوی كه‌سێك توڕه‌یه یان دڵته‌نگ یان دڵخۆش ... هتد، وه دایك یان باوكیش
ده‌توانێت ئاسایی هه‌ندێ وێنه بكه‌نه‌وه له‌هه‌مان كاتدا پرسیار ئاڕاسته‌ی
منداڵه‌كه بكه‌ن له‌سه‌ر مانای ده‌موچاوه‌كان بۆ نمونه وه‌كو ده‌موچاوی توڕه‌یی،
دڵخۆش، سه‌رسوڕماو... هتد. هه‌روه‌ها ده‌توانرێت پرسیاری لێ بكرێت له‌سه‌ر مانای
ده‌موچاو و ڕوخساری خه‌لكی له ده‌ره‌وه بۆ نمونه له‌ناو بازاڕ یان كۆڵان و
به‌رده‌رگادا.
یان هه‌ندێ جار منداڵ وه‌ڵامێكی ناشایسته‌ی كه‌سیك له‌خۆی گه‌وره‌تر ئه‌داته‌وه‌و
شت به بێ پرسیار و مۆڵه‌ت وه‌رگرتن ئه‌بات، لێره‌شدا پێویسته له‌سه‌ر دایك و باوك
منداڵه‌كانیان فێری شێواز و ڕه‌فتاری چاك بكه‌ن و فێریان بكه‌ن چ ڕسته و ووشه و
قسه‌یه‌ك به‌كار بێنن له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا و چۆن ڕێزی گه‌وره بگرن و
به جوانی و ڕێك وپێكی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر گه‌وره‌و بچوك بكه‌ن.
تاكو خۆبه‌كه‌م زانین و ته‌واضوع له منداڵدا بڕوێنین ئه‌بێت منداڵه‌كه
تێبگه‌یه‌نین كه خۆبه‌گه‌وره‌زانین و خۆبه‌گرنگ زانین له كه‌سانی تر هه‌ڵه‌یه‌كی
گه‌وره‌یه.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ل بڕه‌خسێندرێت بۆ منداڵه‌كه تاكو چاوی به
منداڵی تر بكه‌وێت كه جیاوازن له ڕه‌گه‌زنامه‌و ڕه‌نگ و ڕۆشنبیری، وه هاوكاری
منداڵه‌كه بكرێت تاكو سوود له بنه‌ما و داخوازی و ڕه‌وشته به‌رزه‌كان وه‌رگرێت
كه پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (صلی الله علیه وسلم) ڕێنومایی كردووین. ئه‌مه‌ش
له‌ڕێی هه‌موو هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌یه چ بیستراو یان بینراو و خویندراو بێت
و ڕاهێنانی منداڵ له‌سه‌ر به‌كارهێنانی شێوازی لێبورده‌یی له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا و
ڕاگرتنی هه‌ستیان و ڕێگرتن له به‌كارهێنانی قسه‌و شتی ناشیرین و نێگه‌تیڤ.. منداڵ
به سروشتی خۆی حه‌ز ده‌كات هه‌میشه لۆمه بخاته ئه‌ستۆی كه‌سانی تر و خۆی له‌ناو
مناڵانی تردا ده‌ربكه‌وێت و له‌وان به گرنگتر سه‌یر بكرێت و هیچ كات نایه‌وێت
ته‌نازول بكات یان له كێشه‌یه‌كدا چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند دیاری بكرێت، نایه‌وێت
هاوڕێكانی به‌شداری له‌گه‌ڵدا بكه‌ن له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی و خۆی به پله‌ی
یه‌كه‌م ئه‌زانێ و ئه‌وانی تر نزمتر.. بۆیه تاكو خووی دادپه‌روه‌ری له‌ناو
منداڵه‌كه‌ت دروست بكه‌یت پێویسته:
پێویسته دایك و باوك له‌گه‌ڵ هه‌موو منداڵه‌كانیان دادپه‌روه‌ر بن و به‌یه‌ك چاو و
به یه‌كسانی هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ده‌شتوانن چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌ناو
خێزاندا دابنێن په‌یوه‌ندی هه‌بێت به چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ناوخۆدا
به ڕوحییه‌تێكی ته‌بایی و هاوكاری و لێبورده‌یی له‌كاتی پێویستدا، هه‌روه‌ها
منداڵه‌كه ڕابهێنرێت له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی تر بۆ نمونه له‌سه‌ر به‌شداری كردنی
خوشكه‌كه‌ی له خواردنی شیرینیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵدا و ڕێگری نه‌كات له براكه‌ی له‌كاتی
یاریكردن له‌گه‌ڵی به یارییه‌كانی ئه‌م.
خۆزاڵكردن به‌سه‌ر ده‌رووندا
هه‌ندێ جار ئه‌بینی منداڵ زوو توڕه ئه‌بێت و به‌ئاسانی هێور نابێته‌وه مه‌گه‌ر
پاش ماوه‌یه‌ك، له‌م حاڵه‌تانه‌دا پێویسته ئارام بین و ئێمه‌ش هه‌ڵنه‌چین له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا منداڵه‌كه فێر بكه‌ین له چۆنیه‌تی زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌ستی توڕه‌یی خۆی،
بۆ نمونه ئه‌توانین باسی فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) بۆ
بكه‌ین كه ئاماژه ئه‌ات به‌وه‌ی توڕه‌یی له شه‌یتانه‌وه‌یه و پێویسته
بیكوژێنینه‌وه به ده‌ستنوێژ گرتن و پاشان باسی ئه‌وه‌ش ئه‌كات كه گه‌ر به‌پێوه
بوو كه‌سه‌كه دابنیشێت واته هه‌وڵ بدات باری خۆی هێور بكاته‌وه، وه ئاگاداری
خۆمان بین له كاتێ كه منداڵه‌كه فێری شتێكی ئه‌كه‌ین له خۆمانه‌وه توڕه
نه‌بین و هه‌ڵچین گه‌ر كه‌مو كوڕی هه‌بوو له تێگه‌یشتن و فێربوندا و له‌سه‌رمانه
ڕایان بهێنین له شتی ئاسان و ساكاره‌وه كه له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و توانای مێشك و
فیتڕه‌تی منداڵێتی خۆی ئه‌گونجێ. له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه دایك منداڵه‌كه‌ی
ڕابهێنێت له‌سه‌ر هه‌ندێ شتی تر جێی توڕه‌بونه‌كه‌ی بگرێته‌وه‌و بیهێنێته‌وه سه‌ر
باری ئاسایی خۆی..
له‌كۆتاییدا.. پێویسته له‌سه‌ر هه‌ر خێزانێك گرنگی به منداڵ بدات و چاودێڕی بكات
و ڕه‌فتاره‌كانی ڕاست بكاته‌وه و هه‌موو خوو و ڕه‌وشته چاك و جوانه‌كانی نێو
كۆمه‌ڵگه‌ی پێ بناسێنێ به‌تایبه‌ت له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی منداڵی‌دا.
له‌لایه‌ن/ ماڵپه‌ڕی خوشكان
15/4/2007