بنیاتنانی جه‌سته‌یی منداڵ

بنياتنانی جه‌سته‌یی منداڵ له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مايه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئه‌مانه‌ن:

بنچینه‌ی جه‌سته‌یی یه‌كه‌م: مافی منداڵ له‌ فێربوونی مه‌له‌وانی و تیرهاوێژی و ئه‌سپ  سواری.

له‌ عومه‌ری كوڕی خه‌تاب (خوا لێی ڕازی بێت) ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی: منداڵه‌كانتان فێری مه‌له‌وانی و تیرهاوێژی بكه‌ن و به‌ سواری ئه‌سپه‌وه‌ بازبازێن بكه‌ن.

له‌مه‌وه‌ مافی منداڵ له‌ فێربوونی وه‌رزشی دیاریكراودا ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) تایبه‌تی كردووه‌ و جگه‌ له‌ هی دیكه‌ وه‌ناوی بردووه‌, ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریانه‌ ڕۆڵی تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ ئێستا و داهاتووی منداڵدا.. هه‌روه‌ها ڕۆڵی هه‌ره‌ گه‌وره‌یان هه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ به‌خۆبوونی به‌هۆی فێربوونی ئه‌و وه‌رزشانه‌وه‌یه‌  كه‌ مه‌ترسی ده‌روونی تێدایه‌ بۆ منداڵ, كاتێك كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و فێری ئه‌و وه‌رزشانه‌ نه‌بووه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رزشه‌كانی كه‌وه‌ كه‌ كاتی گه‌وره‌بوونی ده‌توانێت فێریان بێت و شاره‌زایان بێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت با ته‌مه‌نی منداڵیشی تێپه‌ڕبووبێ و فێریان نه‌بووبێت.

ئه‌مه‌ش گه‌ر به‌ڵگه‌بێت له‌سه‌ر شتێك ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر سووربونی پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) له‌سه‌ر وه‌رزشی منداڵان, چونكه‌ خۆشی كه‌ لای به‌نو نه‌جاری خاڵوانی بوو له‌ناو باخه‌كه‌یاندا مه‌له‌ی كردوه‌ و یاری له‌گه‌ڵ منداڵاندا كردوه‌ (رواه احمد). هه‌ر له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) هانی منداڵانی داوه‌ له‌سه‌ر تیرهاوێژی .

(ابن جریر) به‌سه‌نه‌دی خۆی له‌ (علی)یه‌وه‌ (خوا لێیان ڕازی بێت) گێڕاویه‌تیه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) دایك و باوكی به‌ قوربانی كه‌س نه‌كردوه‌ (سه‌عد) نه‌بێت, كه‌ فه‌رمووی: (ارم! فِداكَ أبي وَ أُمي, أَيُها الغُلامُ الحرور) رواه/ الترمذي, واته‌: تیر بهاوێژه‌! دایك و باوكم به‌قوربانت بن ئه‌ی گه‌رمه‌كوڕ.

له‌ (ابو عالیه‌)ه‌شه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صلى الله علیه وسلم) به‌لای كۆمه‌ڵێك گه‌نجدا تێپه‌ڕی كه‌ نیشانه‌یان نابۆوه‌ و تیریان ده‌هاویشت, فه‌رمووی: (ارمو يا بني اسماعيل, فأن أباكم كان راميا) رواه/ البخاري.

واته‌: تیربهاوێژن ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسماعیل, به‌ڕاستی باوكتان -ئیسماعیلی كوڕی ئیبراهیم- علیهم السلام, تیر هاوێژ بووه‌.

له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌ش دا بۆ هه‌ریه‌كێك له‌ وه‌رزشی مه‌له‌وانی و تیرهاوێژی و ئه‌سپ سواری گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌, وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر دایكان و باوكانی ئازیمان كه‌ ئه‌م وه‌رزشانه‌ فێری منداڵه‌كانیان بكه‌ن هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌زی منداڵه‌كان ئه‌گه‌ر كچ بن یان كوڕ, چونكه‌ ئه‌مه‌ مافێكی منداڵه‌ و بۆ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه‌یه‌.

هه‌روه‌ها پێویسته‌ كه‌ ئاگاداربین له‌وه‌ی ڕێگه‌ی فێركردنه‌كه‌مان دروست و شیاو بێت, وه‌ چاودێری شوێنی فێركردنی منداڵه‌كانمان بین و هه‌وڵ بده‌ین بیان به‌ینه‌ جێگه‌ و شوێنی شیاو بۆ فێربوونه‌كه‌ و خۆمانی تێدا ماندوو بكه‌ین.

به‌جۆرێك كه‌ فێربوونی ئه‌م كاره‌ نه‌كه‌ینه‌ بیانویه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانمان شتی نادروست و ناشیاو دژ به‌ ئاینی ئیسلام ببینن به‌هۆی قوتابخانه‌ یان جێ و شوێنی مه‌له‌وانگه‌كان كه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپیدا.

به‌ڵكو خۆمان هه‌ڵسین به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ و ئه‌گه‌ر چی پاره‌ی تێدا خه‌رج بكه‌ین یان  ماندو بینین و كاتێكی بۆ سه‌رف بكه‌ین به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ سه‌لامه‌ت تر و بێ مه‌ترسیه‌ بۆ دین و ڕه‌وشتی منداڵه‌كانمان.

 

************************

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌شی بنه‌ماكان