چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك بۆ دایكان

ئامۆژگاری بۆ دایكانی خاوه‌ن كۆرپه‌ له‌ چۆنیه‌تی نوستنی منداڵه‌كانیان

زۆر له‌ دایكان دووچاری كێشه‌ی نوستنی كۆرپه‌كه‌یان ده‌بنه‌وه‌و كاریگه‌ری باشی لێ نابێته‌وه‌ چ بۆ دایكه‌كه‌ یان بۆ كۆرپه‌كه‌، وه‌ بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر گرفتی نوستنی منداڵه‌كه‌ت چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك هه‌یه‌ بیگریته‌ به‌ر تاكو مندڵه‌كه‌ت خه‌وێكی هێمن و ئارام بكات:

1- له‌ مانگی یه‌كه‌مدا سه‌رین یان پشتی بۆ ژێر سه‌ری منداڵه‌كه‌ت دامه‌نێ چونكه‌ ئه‌مه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ده‌چه‌مێنێته‌وه‌و هه‌ناسه‌دانی قورس ده‌كات.

2- پێوسته‌ دایك كۆرپه‌كه‌ی ڕا نه‌هێنێت له‌سه‌ر نوستنی به‌ هه‌ندێ شێوه‌و نه‌ریت وه‌كو ڕاژه‌ندی یان هه‌ڵگرتنی، وه‌ یان له‌باوه‌ش كردنی منداڵه‌كه‌و ڕۆیشتن پێوه‌ی، هه‌رچه‌ند له‌ هه‌ندێك كاتدا دایكان ملكه‌چی ئه‌م كارانه‌ ده‌بن به‌ڵام باشتر وایه‌ نه‌كرێت، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ ئیتر به‌و شێوه‌ ڕابێت بۆ نوستن‌ و به‌زه‌حمه‌ت بنوێت، له‌م كاته‌شدا دایكه‌كه‌ زۆر ماندو ده‌بێت پێوه‌ی.

3- باشتر وایه‌ كۆرپه‌كه‌ له‌ چه‌ند مانگی یه‌كه‌مدا نه‌گوازرێته‌وه‌ له‌ناو جێگه‌ی نوستنی بۆ جێگه‌ی دیكه‌، مه‌گه‌ر له‌ كاتی پێویستیدا نه‌بێت وه‌ك شیر پێدانی و پاككردنه‌وه‌و گرۆڕینی جل و به‌رگی.

4- نوستنی منداڵه‌كه‌ له‌سه‌ر پشتی یان سكی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕشانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو باشتر وایه‌ له‌ سه‌ر پشت نه‌نوێت، وه‌ نوستنی له‌سه‌ر سكیش ده‌بێت له‌و كاتانه‌دا بێت كه‌ دایكه‌كه‌ به‌خه‌به‌ره‌و ئاگادارێتی تاكو خوانه‌خواسته‌ ڕووداوی دڵته‌زێن ڕوونه‌دات.

5- دایك ده‌بێت زۆر ئاگاداری ئه‌وه‌ بێت منداڵه‌كه‌ی وا ڕانه‌هێنێت له‌ شوێن و جێگای ئێجگار كپ و بێ ده‌نگ نه‌بێت خه‌وی لێ نه‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ وا له‌ منداڵه‌كه‌ ده‌كات ته‌نانه‌ت به‌ بیستنی هه‌ر ده‌نگێكی كه‌میش بێت به‌خه‌به‌ر بێته‌وه‌و نه‌نوێت وئیتر له‌سه‌ر ئه‌م شێوه‌یه‌ ڕادێت.

6- باشتر وایه‌ دایك كات دیاری بكات بۆ گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی، چونكه‌ ئه‌مه‌ هاوسه‌نگی تێدایه‌ له‌ هه‌ڵسو‌كه‌وت و خوو و ئاره‌زووی منداڵه‌كه‌ بۆی.

7- پێویسته‌ دایك زۆر ووریا بێت منداڵه‌ تازه‌بووه‌كه‌ی به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێڵێت له‌ لای خوشك و برا بچوكه‌كانی كه‌ هێشتا نافامن و شتی باش له‌ خراپ جیاناكه‌نه‌وه‌.

8- پاش ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ چه‌ند مانگی یه‌كه‌می تێپه‌ڕ ده‌كات و له‌ هه‌نگاوناندا ده‌بێت به‌ره‌و مانگه‌كانی دیكه‌ی ته‌مه‌نی، باشتر وایه‌ دایك مندڵه‌كه‌ی ڕابهێنێت له‌ شه‌واندا زوو بنوێت و له‌ ڕۆژیشدا فێری نوستنی نه‌كات.

له‌لایه‌ن/ ماڵپه‌ڕی خوشكان